وەرگێڕێکی پڕکار
وەرگێڕانێکی دانسقە
۳۰ی سێپتامبر ڕێککەوتی ٨ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕانە. بەم بۆنەوە بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگای کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم وەرگێڕە کوردەکان دەکات، ئەوانەی ماندوویینەناسانە و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە خەریکی گواستنەوی ماناکان و فۆرمەکان و ئەزموونەکانی نەتەوەکانی دیکەن بۆ زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی و یاخود چالاکانە و بە خەمخۆرییەوە ئەدەبیات و هونەر و مێژووی کورد لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دەناسێنن بە زمانەکان و فەرهەنگەکان و نەتەوەکانی تر.
ئێمەی کورد لە مەیدانی وەرگێڕانیشدا زیاتر گرنگیمان هەر بە وەرگێڕانی ئەدەبی داوە و لە دەڤەری وەرگێڕانی دەقە زانستی و فەلسەفییەکاندا خاوەن ئەزموونێکی پتەو نین. سەعید کاکی یەکێکە لە وەرگێڕە چالاکەکانی بواری فەلسەفە. لە ساڵی ۱۳٥۷دا لە سەرشیوی سەقز لە دایک بووە و خوێندنی ناوەندنی و دوا ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە. کاکی بەکالێریوسی فەلسەفەی لە زانکۆی زەنجان وەرگرتووە و ماستەری فەلسەفەی ئاکاری لە زانکۆی تاران خوێندووە. ناونیشانی نامەی ماستەرەکەی بریتییە لە “بەراوردکردنی دادپەروەری لە نێوان ئەفلاتوون و ڕاوڵزدا”.
کاکی بۆ ماوەی چور ساڵ لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستای وانەبێژ بووە لە بواری فەلسەفەی ئاکار، فەلسەفەی یۆنان و فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست. کاکی ئەم بەرهەمانەی خوارەوەشی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە:
١. سەرەتاکانی فەلسەفەی ئەخلاق، ٢٠١٣، چاپی وەزارتی ڕۆشنبیری، هەولێر
٢. سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ، ٢٠١٣ ، چاپی دەزگای ئاوێر، هەولیر
٣. بنەماکانی فەلسەفەی ئاکار، کۆکردنەوە و وەرگێڕان، ٢٠١٥، چاپی ئاوێر، هەولێر
٤. فەلسەفەی میتۆد لە زانستە مرۆییەکان، وەرگێڕان، ٢٠١٤ ، دەزگای چاپی موکریانی، هەولێر
٥. فەلسەفەی کانت، شتفان کۆرنێر، وەرگێران، ٢٠١٧، دەزگای موکریانی، هەولێر
بێجگە لەوانی سەرەوە، کاکی زنجیرەی دە بەرگی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج-ی تەرجەمە کردۆتەوە کە لە لایەن دەزگای جەماڵ عیرفان-ەوە بڵاو کراوەتەوە.
ناساندنی کورتی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج
زنجیرەی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج یەکێکە لەو بەرهەمە نوێ و باشانەی لەسەر مێژووی فەلسەفە دانراون و لە سەدەی شەشەمی پێشزایینەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سەدەی ئێستا و، تێکڕای گۆڕانکارییە فەلسەفییەکان بە چڕوپڕی لێکدەداتەوە. زۆربەی ئەم بەرگانەی بەردەست تەرخانکراوە بۆ فەیلەسووفانێک کە بە فەیلەسووفی پلە یەک و مەزن ناسراون، گەرچی چاوپۆشی لە فەیلەسووفی کەمتر ناسراویش نەکراوە و، هەر بەشێکیشی لە لایەن کۆمەڵێ فەیلەسووفی بەناوبانگ و شارەزاوە نووسراوە. ئەم مێژووانە سێ لایەنی گرنگی شیکردنەوە، لێکدانەوە، بەراوردکردن و ڕەخنەی لەخۆ گرتووە:
١. لە سەرەتاوە تاکو ئەفلاتوون. سی.سی. تایلۆر
٢. ئەرستۆ تاکو ئۆگستینۆس. دەیڤید فۆڕلی
٣. فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست. جۆن مارێنبۆن
٤. ڕێنسانس و عەقڵباوەریی سەدەی حەڤدەیەم. جی. ئێچ. ئاڕ. پارکێنسۆن
٥. فەلسەفەی بەریتانی و سەردەمی ڕۆشنگەری. ستواڕت بڕاون
٦. سەردەمی ئایدیالیزمیی ئالمانی. ڕۆبێرت سالمەن و کاتلین هایگێنز
٧. فەلسەفەی سەدەی نۆزدەیەم. سی. ئێل. تێن
٨. فەلسەفەی قاڕەیی سەدەی بیستەم. ڕیچارد کێڕنی
٩. فەلسەفەی زانست، لۆجیک و بیرکاریی لە سەدەی بیستەم. سی.جی. شانکەر
١٠.فەلسەفەی واتا، ناسین و بەها لە سەدەی بیستەم. جۆن کۆنفیڵد
بەڕێز سەعید کاکی لە پێوەندییەکدا لەگەڵ بەشی کوردی وتی:
“بۆ وەرگێڕانی ئەو دەقانە لە زۆر شوێندا پشتم بەستووە بەم دکتۆرە بەڕێزانە: بۆ زۆربەی چەمکە فەلسەفییەکانی ئایدیالیزمیی ئاڵمانی و زۆربەی چەمکە لاتینییەکان دکتور “محەمەد کەماڵ” یارمەتیدەرم بووە و هەموو جارێک بە هانامەوە هاتووە.
بۆ بەرگی دە فەلسەفەی واتا و فەلسەفەی زمان، دکتور “بەختیار سەجادی” یارمەتیدەرم بووە. هەروەها دکتور سەجادی یەکێک لەو کەسە بلیمەتانەی گەلی کورد دەمێکەیە بە زمان و ئەدەبی کوردی بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ ماندبوو بووە.
بۆ وەرگێرانی بەرگی سێیەم سەدەکانی ناوەڕاست پشتم بەستبوو بە دەقەکانی دکتور “حەمید عەزیز”، ئەویش وەکو کەسایەتییەک لەحەفتاکانەوە کتێبی لە بواری فەلسەفەدا داناوە. هەر بەرگێکیشم پێشکەش کردووە بەو کەسایەتییانەی خزمەتی گەورەیان بە زمان و بیری گەلەکەیان کردووە.”